زانست (العلم)

نویسنده : م.سەرباز محمد 58 eye icone

زانست(العلم)

خوای گه‌وره‌ سبحانه ‌و تعالی له‌قورئانی پیرۆزدا ده‌فه‌رموێ : وَلا تَقْفُ مَا لَيْسَ لَكَ بِهِ عِلْمٌ إِنَّ السَّمْعَ وَالْبَصَرَ وَالْفُؤَادَ كُلُّ أُولَئِكَ كَانَ عَنْهُ مَسْؤُولاً (الاسراء:٣٦ ) خوای په‌روه‌ردگار له‌م ئایه‌ته ‌پیرۆزه‌دا‌ داوامان لێده‌كات به‌بێ عیلم دوای هیچ شتێك نه‌كه‌وین، لێره‌دا باس له‌فه‌زڵ و گه‌وره‌یی عیلم ناكه‌ین، به‌ڵكوو مه‌به‌ست له‌ پێناسه‌ی (عیلم)ه‌و گرنگی حاڵی بوونه‌ لێی، زانایان له‌پێناسه‌ی عیلم فه‌رموویانه‌: ناسینی زانراو به‌و شكله‌و شێوه‌یه‌ی كه‌هه‌یه‌تی. بروانه‌ (الورقات ئيمام الجويني، فوائد ابن القيم، شرحي ئوسول شیخ ابن عوسه‌يمين).

خوای په‌روه‌ردگار (سبحانه ‌و تعالی) له ‌چیرۆكی ئاده‌م دا ده‌فه‌رموێ: وَعَلَّمَ آدَمَ الْأَسْمَاءَ كُلَّهَا ثُمَّ عَرَضَهُمْ عَلَى الْمَلَائِكَةِ فَقَالَ أَنْبِئُونِي بِأَسْمَاءِ هَؤُلَاءِ إِنْ كُنْتُمْ صَادِقِينَ (٣١) قَالُوا سُبْحَانَكَ لَا عِلْمَ لَنَا إِلَّا مَا عَلَّمْتَنَا إِنَّكَ أَنْتَ الْعَلِيمُ الْحَكِيمُ (٣٢) قَالَ يَا آدَمُ أَنْبِئْهُمْ بِأَسْمَائِهِمْ فَلَمَّا أَنْبَأَهُمْ بِأَسْمَائِهِمْ قَالَ أَلَمْ أَقُلْ لَكُمْ إِنِّي أَعْلَمُ غَيْبَ السَّمَوَاتِ وَالْأَرْضِ وَأَعْلَمُ مَا تُبْدُونَ وَمَا كُنْتُمْ تَكْتُمُونَ (٣٣) (البقرة)

دوای ئه‌وه‌ی مه‌لائیكه‌ت پرسیاریان له ‌حیكمه‌تی خه‌لقی ئاده‌م كرد خوای (تبارك و تعالی) فه‌رموی: إِنّي أَعْلَمُ مَا لاَ تَعْلَمُون واته: (ئه‌وه‌ی من ده‌یزانم ئێوه ‌نایزانن)، ئینجا( تبارك وتعالی) هه‌موو ناوێكی فێری ئاده‌م كرد، حیكمه‌ت لێره‌دا ئاده‌م هه‌موو شتێكی به‌ناوی خۆی فێربوو، واته ‌ناسینی هه‌مووشتێك به‌و ناوه‌ی كه ‌هه‌یه‌تی، كه ‌ئه‌م عیلمه‌ لای مه‌لائیكه‌ت نه‌بوو هه‌ربۆیه‌ش مه‌لائیكه‌ت فه‌رموویان: گه‌وره‌ی شایه‌نی تۆیه‌ ئێمه‌ ته‌نها ئه‌وه ‌ده‌زانین كه ‌تۆ فێرت كردوین، كه‌وابوو ئه‌و ناوانه‌ی ئاده‌م فێری بوو وه‌سفی ته‌واوی ئه‌و واقیعه ‌بوو كه‌لێی پرسیاركرا، ئه‌وه‌یه‌ عیلم كه ‌زانایان فه‌رمویانه‌ ناسینی زانراو به‌وشێوه‌ی كه ‌هه‌یه‌تی.

بۆ زیاتر ڕوون كردنه‌وه‌ی پێناسه‌ی عیلم، له‌گه‌ڵ هێنانی هه‌رناوێك، وێنه‌و شكلی ناوبراو له‌دڵ و ده‌رونتا درووست ده‌بێت، بۆنموونه ‌له‌گه‌ڵ هێنانی ناوی پێنوس و ێنه‌و شكلی پێنوس له‌دڵ وده‌رونتا درووست ده‌بێت، به‌ڵام گه‌ر هاتوو له‌گه‌ڵ ناوی پێنوس، شێوه‌ی كاغه‌ز له‌دڵ وده‌رونتا دروست بوو مانای ئه‌وه‌یه‌ كه ‌تۆ عیلمت به‌ پێنوس نییه‌، به‌ڵكوو جه‌هلت به ‌پێنوس هه‌یه‌ واته‌ ئه‌وشته‌ی ده‌یڵێی له‌گه‌ڵ ئه‌و واقیعه‌ی باسی لێوه‌ده‌كه‌ی یه‌كناگرنه‌وه‌ كه ‌ئه‌مه‌ش جه‌هله‌، بۆیه ‌له ‌پێناسه‌ی جه‌هل زانایان فه‌رمویانه‌: (اعتقاد الشيء على خلاف ما هو عليه) باوه‌ڕ به‌شتێك به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و شكل و شێوه‌یه‌ی كه ‌هه‌یه‌تی، كه‌وابوو نابێت به‌هیچ جۆرێك له‌سه‌ربنه‌مای جه‌هله‌وه‌ شت بینا بكرێت، حاڵیبوون له ‌پێناسه‌ی عیلم چه‌ند خاڵێكی گرنگ ڕوون ده‌كاته‌وه‌.

یه‌كه‌م: به‌بێ عیلم نابێت قسه ‌له ‌دینی خوا بكرێت، یه‌كێك ئیسلام نه‌ناسێ بۆی نییه‌ وه‌سفی كات، خوای گه‌وره‌ سبحانه ‌وتعالی ئه‌مه‌ی حه‌رام كردوه‌: قُلْ إِنَّمَا حَرَّمَ رَبِّيَ الْفَوَاحِشَ مَا ظَهَرَ مِنْهَا وَمَا بَطَنَ وَالْإِثْمَ وَالْبَغْيَ بِغَيْرِ الْحَقِّ وَأَنْ تُشْرِكُوا بِاللَّهِ مَا لَمْ يُنَزِّلْ بِهِ سُلْطَانًا وَأَنْ تَقُولُوا عَلَى اللَّهِ مَا لَا تَعْلَمُونَ (الأعراف:٣٣)
به‌بێ عیلم قسه‌كردن له‌سه‌ر دین، مایه‌ی دووركه‌وتنه‌وه‌ی خه‌ڵكییه ‌له ‌دین وه‌ حوججه‌و به‌ڵگه ‌هه‌رده‌م مایه‌ی نه‌رمكردنی دڵه ‌و ڕه‌واندنه‌وه‌ی شوبهه‌ی نه‌فامییه‌.

دووه‌م: به‌بێ عیلم قسه‌كردن فه‌رمانی شه‌یتانه‌.

إِنَّمَا يَأْمُرُكُمْ بِالسُّوءِ وَالْفَحْشَاءِ وَأَنْ تَقُولُوا عَلَى اللَّهِ مَا لَا تَعْلَمُونَ (البقره‌:١٦٩)

هه‌ربۆیه‌ زانایان زۆر خۆیان پاراستووه‌ له‌ قسه‌ی بێ عیلم. ڕۆژێكیان پیاوێك هاته ‌خزمه‌ت ئیمامی شافعی و ڕوخسه‌تی خواست پرسیار بكات، ئیمامی شافعی فه‌رمووی فه‌رموو: ئه‌ویش وتی به‌ڵگه ‌چییه ‌له‌دینی خوا؟ ئیمامی شافعی فه‌رموی: كتێبی خوا. پیاوه‌كه‌ وتی چی تر؟ ئیمامی شافعی فه‌رمووی: فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویست. پیاوه‌كه‌ وتی چی تر؟ ئیمامی شافعی فه‌رموی: كۆڕای ئوممه‌ت. ئینجا كابرا وتی به‌ڵگه‌ت چییه ‌له‌سه‌ر ئه‌مه‌؟ (واته‌ به‌ڵگه ‌چییه‌ له‌سه‌ر كۆڕای ئوممه‌ت (ئیجماع)ئیمامی شافعی تۆزێك بیری كرده‌وه‌، كابرا وتی دوای سێ رۆژ دێمه‌وه‌ بۆ وه‌ڵامه‌كه‌م.

له‌دوای سێ رۆژه‌كه‌ پیاوه‌كه ‌هاته‌وه‌ مه‌جلیسی ئیمامی شافعی و وتی هاتوم بۆ وه‌ڵامه‌كه‌م ، ئیمامی شافعیش فه‌رموی به‌ڵێ : أَعُوذ بِاَللَّهِ مِنْ الشَّيْطَانِ الرَّجِيمِ بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ قَالَ اللَّهُ عَزَّ وَجَلَّ : وَمَنْ يُشَاقِقْ الرَّسُولَ مِنْ بَعْدِ مَا تَبَيَّنَ لَهُ الْهُدَى وَيَتَّبِعْ غَيْرَ سَبِيلِ الْمُؤْمِنِينَ نُوَلِّهِ مَا تَوَلَّى وَنُصْلِهِ جَهَنَّمَ وَسَاءَتْ مَصِيرًا- لَا يُصْلِيهِ جَهَنَّمَ عَلَى خِلَافِ سَبِيلِ الْمُؤْمِنِینَ ، إلَّا وَهُوَ فَرْض. پیاوه‌كه ‌ووتی ڕاست ده‌كه‌یت.

له‌پاشان ئیمامی شافعی فه‌رمووی (له‌نێوان شه‌و رۆژێكدا سێ جار قورئانم خوێنده‌وه‌ تاوه‌كو هاتمه‌ سه‌ر ئه‌م به‌ڵگه‌یه‌). بروانه‌ (أحكام القرآن للشافعي - ج ١ / ٢٧).

مه‌به‌به‌ست لێره‌دا په‌رۆشی ئیمامی شافعی بۆ عیلم وهه‌وڵدانی له‌سه‌ر وه‌ڵامدانه‌وه‌ به ‌به‌ڵگه‌وه‌.
سێ یه‌م: قسه‌ی بێ عیلم نیشانه‌ی ئه‌هلی كوفرو گومڕابووه‌كانی جوله‌كه‌كانه‌، خوای په‌روه‌ردگارده‌فه‌رموێ:
وَقَوْلِهِمْ إِنَّا قَتَلْنَا الْمَسِيحَ عِيسَى بْنَ مَرْيَمَ رَسُولَ اللَّهِ وَمَا قَتَلُوهُ وَمَا صَلَبُوهُ وَلَكِنْ شُبِّهَ لَهُمْ وَإِنَّ الَّذِينَ اخْتَلَفُوا فِيهِ لَفِي شَكٍّ مِنْهُ مَا لَهُمْ بِهِ مِنْ عِلْمٍ إِلَّا اتِّبَاعَ الظَّنِّ وَمَا قَتَلُوهُ يَقِينًا (النساء: ١٥٧) دین و باوه‌ڕی جوه‌كان له‌سه‌ر گوفتارو قسه‌ی بێ به‌ڵگه‌ بیناكراوه‌، بۆیه‌ ده‌بێت موسڵمان هه‌رده‌م به‌به‌ڵگه ‌و عیلمه‌وه‌ قسان بكات و بانگی خه‌ڵكی بۆ ئیسلام بكات، جوه‌كان له‌سه‌ر واقیعێك كه ‌ئه‌سڵه‌ن ڕووی نه‌داوه‌، حوكمێكیان بینا كردووه‌.

چواره‌م: تێگه‌یشتن له ‌عیلم خۆ پاراستنه‌ له ‌جه‌هل، كه ‌بێگومان نه‌فامی ده‌ردێكی كوشنده‌یه‌و بڵاوبونه‌وه‌ی جه‌هل مایه‌ی بۆگه‌نی كۆمه‌ڵه‌و زۆر كاره‌ساتی گه‌وره‌ش له‌ڕێی جه‌هله‌وه‌ ڕووی له‌م ئوممه‌ته‌ كردووه‌، بۆ نموونه‌ ئیمامی نه‌حاس ره‌حمه‌تی خوای گه‌وره‌ی لێبێت كه ‌خاوه‌نی چه‌ندین كتێبی به‌نرخه‌، وه‌كو كتێبی (معاني القران) و (كتاب الاشتقاق لاسماء الله عز وجل) و چه‌ندین كتێبی تر، زانایان له ‌وه‌فاتی ئه‌م زانایه‌ ده‌فه‌رموون، دوای ئه‌وه‌ی ئیمامی نه‌حاس به‌ته‌مه‌ن ببوو ڕۆژێكیان له ‌میسر له‌سه‌ر ڕوباری نیل دانیشتبوو، بیری له ‌وه‌زنه‌كانی شیعری عه‌ره‌بی ده‌كرده‌وه‌و له ‌پێشه‌خۆی وه‌زنه‌كانی ده‌وته‌وه‌ (مستفعلن فاعلن فاعلاتن) كابرایه‌كی جاهلی ره‌مه‌كی به‌لای داهات و گوێی لێگرت هیچ له ‌ئیمامی نه‌حاس نه‌گه‌یشت و نه‌شی زانی ئه‌وه‌ (نه‌حاسه‌)، وتی به‌خوای ئه‌و به‌ته‌مه‌نه‌ له ‌قه‌راغی نیل دانیشتوه‌و ئه‌و قسانه‌شی به‌سه‌ر زار دادێ كه ‌من هیچی لێحاڵی نیم ئه‌وه‌ مه‌به‌ستی سحركردنه ‌له‌ روباری نیل بۆ نه‌هێشتنی به‌ره‌كه‌تی نیل، بۆیه ‌بابیكوژم پێش ئه‌وه‌ی به‌ره‌كه‌تی نیل ببات له ‌پشترا له‌قه‌یه‌كی له‌ئیمامی نه‌حاس داو هه‌ڵی دایه‌ ناو نیل و ئیمامی نه‌حاس خنكا ڕه‌حمه‌تی خوای گه‌وره‌ی لێبێت (بروانه ‌پێشه‌كی كتێبی -معاني القران- ).

خوای گه‌وره‌ ماڵی جه‌هل كاول كات، ئه‌م ڕووداوه‌و چه‌ندین ڕوداوی تر، له‌ئاكامی جه‌هله‌وه‌ ڕووی له ‌تاكه‌كه‌س و كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كردووه‌. مه‌گه‌ر ڕوداوی ته‌تاره‌كان و ڕوخانی خیلافه‌ت زه‌ریبه‌ی جه‌هلی نه‌بوون.

كه‌وابوو حاڵیبوون له عیلم وه‌ هه‌وڵدان بۆی فه‌ڕزه‌ له‌سه‌ر هه‌موو كه‌سێك، خوای گه‌وره‌ ژماره‌ی ئه‌هلی عیلم زیاد كات له ‌نێوان كۆمه‌ڵی موسڵمانان و هه‌موو لایه‌ك سه‌ركه‌وتوو بكات بۆ هه‌وڵدان بۆعیلم.

ئه‌هلی عیلم به‌رزن لای خوای گه‌وره‌ -تبارك وتعالی- خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێ: يَرْفَعِ ٱللَّهُ ٱلَّذِينَ ءامَنُواْ مِنكُمْ وَٱلَّذِينَ أُوتُواْ ٱلْعِلْمَ دَرَجَـٰتٍ (المجادلة:١١ ). خه‌یری عیلم ئه‌وه‌نده‌ زۆره‌ بۆیه‌ خوای گه‌وره‌ تبارك وتعالی فه‌رمانی به‌پێغه‌مبه‌ركردووه‌ (سه‌ڵات وسه‌لامی خوای لێبێت) كه ‌داوای زیاده ‌بكات له‌عیلم وَقُل رَّبّ زِدْنِى عِلْماً ( طه:١١٤ ).

له‌كۆتاییدا ده‌ڵێیین عیلم مه‌رجی قبوڵی كرده‌وه‌یه‌ فَمَن كَانَ يَرْجُو لِقَاء رَبّهِ فَلْيَعْمَلْ عَمَلاً صَـٰلِحاً وَلاَ يُشْرِكْ بِعِبَادَةِ رَبّهِ أَحَدَا (الكهف:١١٠) . له‌به‌رئه‌وه‌ی كرده‌وه‌ی چاكه‌ هه‌ڵقوڵاوی زانستی ڕاسته‌.

 

سه‌رباز موحه‌ممه‌د

 

 

 

 

 

 

 

 

ووتاره‌كانی م سه‌رباز محمد