بیست و چوار ساڵ به‌ر له‌ئێستا

Author : م.سەرباز محمد 41 eye icone

بيست و چوار ساڵ به‌ر له‌ئێستا .

خوای گه‌وره‌ عزوجل ده‌فه‌رموێ : يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا اتَّقُوا اللَّهَ وَكُونُوا مَعَ الصَّادِقِينَ (119) [التوبة : 119]  فه‌رمانی خوای گه‌وره‌یه‌ عزوجل كه‌ له‌گه‌ڵ ڕاستگۆكاندا بین، ڕاستگۆیی و دڵسۆزی بۆ خوای گه‌وره‌، ڕاستگۆیی و دڵسۆزی به‌رامبه‌ر  به‌ پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویشت صلى الله عليه وسلم، ڕاست گۆیی و دڵسۆزی به‌رامبه‌ر به‌ موسڵمانان و مێژوی ئه‌و ڕابونه‌ ئیسلامیه‌، درۆ تاوانه‌، به‌ڵام ئه‌و كه‌سه‌ی به‌كاری بانگخوازی خه‌ریكه‌و درۆ هه‌ڵده‌به‌ستێ هه‌م تاوانه‌و هه‌م عه‌یبه‌یه‌، پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویستمان صلی الله علیه وسلم  به‌ر له‌ناردنی به‌ (الصادق الامین) ناسرابوو ڕاستگۆی ده‌ستپاك، بیست و چوار ساڵ به‌ر له‌ئێستا هه‌ستمان به‌ گرنگی چاكسازی فیكری كردبوو له‌ چوار چێوه‌ی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی، له‌ساڵانی 1994 تاوه‌كو ساڵانی 1998  قۆناغی زۆر سه‌خت بوون، ئه‌و كات دوو زه‌نجیره‌ی گرنگمان بڵاوكرده‌وه‌ یه‌كیان (الفتنة ووقعة الجمل) بوو به‌ چه‌ند ووتارێك تیشكمان خسته‌ سه‌ر ئه‌و كێشه‌یه‌ی كه‌ كه‌وته‌ نێو صه‌حابه‌ی كیرام ڕه‌زاو ڕه‌حمه‌تی خوایان له‌سه‌ر بێت ، به‌تایبه‌ت ئه‌و كات شه‌پۆڵێكی زۆر گه‌وره‌ له‌ ئارادابوو بۆ ناشرین كردنی صه‌حابه‌كان،  زۆرێك گومانمان له‌و بواره‌وه‌ ڕه‌وانده‌وه‌، دواتر زه‌نجیره‌ ووتارێك به‌ناوی (چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م واقیعه‌دا بكه‌ین) كه‌دواتر كرایه‌ نامیله‌كه‌یه‌ك و به‌ استنساخ هه‌ندێ دانه‌ی لێبڵاو كرایه‌وه‌.

یه‌كێك له‌و مامۆستایانه‌ی زۆر پێی سه‌ر سام بووم (جه‌نابی مامۆستا أحمد ی كاكه‌ مه‌حمود )بوو فیرده‌وسی ئه‌علا جێگه‌ی بێ، ئینجا چومه‌ خزمه‌تی و باسی بیرۆكه‌ی ئه‌و نامیله‌كه‌یه‌م بۆكرد، دوای بیستنی قسه‌كانم  كتێبه‌كه‌م پێبه‌خشی و جه‌نابیان خوێندویانه‌وه‌ و پێشه‌كیان بۆ ئه‌و نامیله‌كه‌یه‌ دانا. جه‌نابی مامۆستا سه‌ره‌رای سه‌رقاڵی و زۆری كاره‌كانی زۆر هانی دام  به‌رده‌وام بم له‌سه‌ر ئه‌و جۆره‌ ووتارو نوسینه‌.

مامۆستا ساڵی 2000 پێشه‌كیه‌كه‌ی بۆ ئه‌و كتێبه‌ دانا ، پێشتریش كێشه‌یه‌ك هه‌بوو له‌نێوان ئێمه‌ی گه‌نجی ئه‌و كات و چه‌ند مامۆستایه‌كی به‌ڕێز كه‌ هه‌رئه‌و كات كێشه‌كان چاره‌سه‌ر كرا خوای گه‌وره‌ ئاسانی كات جارێكیان باسی ئه‌و كێشه‌یه‌ش ده‌كه‌ین .

مامۆستا ئه‌حمه‌د له‌ نرخاندنی ئه‌و نامیله‌كه‌یه‌ ده‌فه‌رموێ  :  پاش خوێندنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كانی ئه‌و كتێبه‌ (چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م واقیعه‌دا بكه‌ین ؟) له‌ئاماده‌ كردن و ڕێكخستنی برای تێكۆشه‌رو به‌ڕێزم كاك (سه‌رباز) دیتم كلیلێكه‌ بۆكردنه‌وه‌ی زۆرێ له‌ گرێ كوێره‌كان له‌به‌رده‌م ئه‌م ڕابوونه‌دا، ده‌توانم بڵێم : نه‌ك ته‌نها له‌كوردستانی خۆشه‌ویستدا ، به ڵكو له‌ ته‌واوی جیهانی ئیسلامه‌تیشدا .)

جا ئه‌وه‌ی سه‌یر بوو ئه‌و كات خه‌ڵكێك گله‌ییان ده‌كرد كه‌ له‌به‌ر چی من زۆر حوڕمه‌تی مامۆستایان ده‌گرم ، ئه‌و كات ئێمه‌یان  به‌قسه‌ی ئه‌وان له‌سه‌ر به‌ره‌ی (مه‌لاكان) هه‌ژمار ده‌كرد، وپێیان وابوو كه‌ بونی ئه‌و (مه‌لایانه‌) كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌، ئه‌وه‌ی (چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م واقیعه‌دا) و  پێشه‌كیه‌كه‌ی جه‌نای مامۆستا (ئه‌حمه‌دی كاكه‌ مه‌حمود) بخوێنێته‌وه‌ كه‌  24 ساڵ به‌ر له‌ئێستا نوسراوه‌ ده‌زانێ   چاكسازی فیكری چه‌نده‌ گرنگه‌و چ قۆناغێكی سه‌ختی تێگه‌یشتنی هه‌ڵه‌مان تێپه‌ڕكرد .

ئه‌و كات كتێبه‌كه‌ چه‌ند دانه‌یه‌كی لێ گیراوه‌(استنساخ) كراو دابه‌شكرا، قه‌ده‌ری خوای گه‌وره‌ وابوو كه‌ له‌ كۆتایی ئه‌و ساڵ كوردستان جێبهێڵم و نه‌توانم ئه‌و كتێبه‌ به‌چاپ بگه‌یه‌نم  دوای ئه‌وه‌ی له‌ساڵی 2014 ‌ گه‌ڕامه‌وه‌ ، هه‌ر نه‌م توانی كتیبه‌ چاپكه‌م له‌ساڵی 2017 ده‌ستم كرد به‌ چاپكردنی كتێبه‌كان ئه‌وه‌ بوو ئه‌و كتێبه‌ش چاپی فه‌ڕمی كرا كه‌ پێشتر به‌ استنساخ بڵاو كرابوه‌وه‌ .

پێم وایه‌ (دابڕانێكی مه‌عریفی هه‌یه‌ له‌ نێوان ساڵانی نه‌وه‌ده‌كان و گه‌نجی ئێستا بۆیه‌ گرنگه‌ ئه‌و قه‌تیعه‌ مه‌عریفییه‌ش چاره‌سه‌ر بكرێ وورده‌ وورده‌ باس له‌ڕووداوه‌كانی نه‌وه‌ده‌كان بكرێ)  بۆ ئه‌وه‌ی مێژوو نه‌شێوێندرێ ، دڵنه‌خۆش و دوژمنانیش نه‌توانن ده‌ستكاری بكه‌ن.

رَبَّنَا اغْفِرْ لَنَا وَلِإِخْوَانِنَا الَّذِينَ سَبَقُونَا بِالْإِيمَانِ وَلَا تَجْعَلْ فِي قُلُوبِنَا غِلًّا لِلَّذِينَ آمَنُوا رَبَّنَا إِنَّكَ رَءُوفٌ رَحِيمٌ (10) [الحشر : 10]

 

 

ووتاره‌كانی م سه‌رباز محمد